بەڤیدیۆ.. پاڵنان بە ناوبژیوان بۆ مێسی حەڵاڵە بەڵام بۆ کریستیانۆ حەرامە
رۆژنامەیەکی مەدریدی پێیوایە پاڵنان بە ناوبژیوان بۆ لیۆنێل مێسی حەڵاڵە، بەڵام بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ حەرامە، بۆ سەڵماندنی قسەکەیشی بەڵگەیەک دەهێنێتەوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی رەخنەی لە ریکاردۆ دێ بێرگۆسی ناوبژیوانی یاریی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیا گرتووە و بڕیاری کرانە دەرەوەی کریستیانۆی لە یارییەکە بە نادروست وەسفکردووە، کە کریستیانۆ بەهۆی کەوتنی لە ناوچەی سزای بارسێلۆنا بە کارتی سوور لە یاریگە کرایە دەرەوە و ناوبژیوان کەوتەنەکەی کریستیانۆی بە نواندن وەسفکرد.
کریستیانۆ وەکو ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر کارتە سوورەکەی پاڵێکی بە ناوبژیوان نا و دوای یارییەکە ناوبژیوانی یارییەکە ئاماژەی بە رووداوەکە کردووە و لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی 'کریستیانۆ وەکو ناڕەزایەتییەک پاڵێکی سووکی بە ناوبژیوان نا'. بەپێی ماددەی 96ی یاسای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاش هەر یاریزانێک بە شێوازێکی ناشرین ناڕەزایەتی دەرببڕێت 4 بۆ 12 یاری سڕ دەکرێت.
رۆژنامەی ئاس ڤیدیۆیەکی مێسی بڵاوکردووەتەوە، کاتێک لە 2009 مێسی لە کلاسیکۆی لالیگادا کە بارسێلۆنا 6-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، پاڵێک بە ئۆندیانۆ مایینکۆی ناوبژیوانەوە دەنێت، بێ ئەوەی ناوبژیوان هیچ کارتێکی بەڕوودا بەرز بکاتەوە، تەنانەت دوای یارییەکەش ناوبژیوانەکە لە راپۆرتەکەی ئاماژەی بە پاڵپێوەنانەکەی مێسی نەکرد و ئەستێرەکەی بارسێلۆنا سزا نەدرا.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لەبارەی بەراوردکردنی دوو رووداوەکەی مێسی و رۆناڵدۆ نووسیویەتی 'وادیارە پاڵنان بە ناوبژیوان بۆ لیۆ مێسی رێگەپێدراوە، بەڵام بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ قەدەخەیە'.

تعليقات
إرسال تعليق